به‌غدا، ئاسۆ: له دوا ڕاپۆرتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کاندا که دوێنێ ده‌رچوو خراپی ڕه‌وشی مافی مرۆڤ له کوردستان و عیراق ڕوونده‌کاته‌وه. له باره‌ی ئه‌و راپۆرته‌وه ئاسۆ له هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ی ئاگاداره‌وه زانیاری وه‌رگرتووه له فایلی کوردستاندا جه‌خت ده‌کاته سه‌ر خراپی ڕه‌وشی ده‌ستگیرکراوان، بابه‌ته‌کانی ئه‌شکه‌نجه و گرتنی بێ ڕێوشوێنی یاسایی و شوبهه‌ی تیرۆرکاریی و ڕه‌وشی پێشێلکردنی ئازادی ڕۆژنامه‌وانیی و گوشار خستنه‌سه‌ر ڕۆژنامه‌نووسان و پێشێلکردنی مافی که‌مینه‌ی وه‌کو ئێزدییه‌کان. هه‌روه‌ها دۆخی تورکمانه‌کان و عه‌ره‌به‌کانی که‌رکوک ڕه‌خنه ده‌کات. له فایلی عیراقیشدا چاوه‌ڕێده‌کرێت پێشێلکاری حکومه‌تی عیراق له‌بواری مافی مرۆڤ و کوشتن له‌سه‌ر ناسنامه‌و ململانێی تایفه‌گه‌ری و توندوتیژی تیرۆریسته‌کان و میلیشیاکانی یاداشت بکات. سه‌رچاوه‌که‌یه‌ک که نه‌یویست ناوه‌که‌ی ئاشکرا بکرێت ڕوونیکرده‌وه (یاداشتکردنی پێشێلکارییه‌کانی مافی مرۆڤ له کوردستان و عیراق که له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی مافی مرۆڤی سه‌ر به نێرده‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بۆ یارمه‌تیدانی عیراقه‌وه ئاماده ده‌کرێت دووه‌م ڕه‌خنه‌ی جیددی ده‌بێ له ئه‌زموونی سیاسیی کوردستان و ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵبژێراوی حکومه‌تی عیراق به‌تایبه‌تی دوای ڕاپۆرته توند‌و هه‌مه‌لایه‌نه‌که‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا که ئه‌ویش به‌ده‌وری خۆی تۆمارێکی ڕه‌شی بۆ کوردستان و عیراق پڕ کردبۆوه( . پێشبینی ده‌کرێ له‌و ڕاپۆرته‌دا ئیجرائاته‌کانی (حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان که له کارنامه‌ی خۆیدا جه‌ختی له‌سه‌ر مافی مرۆڤ و دیموکراسیی و ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری کردۆته‌وه) بۆ به‌رگرتن له پێشێلکاریی مافی مرۆڤ به‌سست و ناکاریگه‌ر بناسرێت. هه‌روه‌کو هه‌مان شت سه‌باره‌ت به‌کاری په‌رله‌مانی کوردستان بۆ توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان و پێشێلکاری مافی مرۆڤ. هاوکات له‌وه‌ختێکدا عیراق سه‌رقاڵی دابینکردنی هاوکارییه بۆ چاکسازیی ئابووریی و سیاسیی له‌به‌ر ڕۆشنایی کۆنگره‌ی شه‌رم شێخ تایبه‌ت به په‌یماننامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، ڕه‌نگه ئه‌م ڕاپۆرته ئیحراجییه‌ک بۆ حکومه‌ته‌که‌ی مالیکی دروست بکات. نوسینگه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان هه‌ر سێ مانگ جارێک ڕاپۆرت له‌سه‌ر ڕه‌وشی مافی مرۆڤ ئاماده ده‌کات ئه‌مه‌ش هه‌مان بیروڕا ته‌ئکید ده‌کاته‌وه که باڵیۆز ئه‌شره‌ف قازی له دیدارێکی ئاسۆدا ده‌ربڕی. له‌و دیداره‌دا که له‌چه‌ند رۆژی داهاتوو بڵاوده‌بێته‌وه‌و تایبه‌ت بوون به ڕۆڵی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان "له چوار فایلی پێداچوونه‌وه‌ی ده‌ستوور، کۆنگره‌ی شه‌رم شێخ، نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و کوردستان و مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک" قازی دووپاتیکرده‌وه ڕێزگرتن له مافی مرۆڤ و لایه‌نی ئینسانی پرۆسه‌ی عیراق به‌شێکه له ئه‌رکه‌کانی نێرده‌ی یوئێن به‌پێی بڕیاری (1546)ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش نێوده‌وڵه‌تی له (2004)دا. به‌گوێره‌ی ئاگاداری ئاسۆ ڕاپۆرته‌که‌ی یوئێن له چه‌ند شوێنێک چاودێریی هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌زگاکانی ئاسایش له هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆک و ده‌زگاکانی ئه‌منیه‌تی که‌رکوک به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌نوسان و که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن کردووه. بۆ نموونه هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌وانێکی تۆڕی کوردستان ئۆنلاین له که‌لار... داخستنی ڕادیۆی یه‌کگرتووی ئیسلامی له ئاکرێ له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه، کێشه‌ی شاهۆ خالد، دیلمان سه‌لاح له هه‌رێمی کوردستان و ڕفاندنی ڕۆژنامه‌وانی تورکمانی ته‌لال هاشم بیرقدار له که‌رکوک که تا ئێستاش چاره‌نووسی دیار نییه‌و ده‌ستگیرکردنی و لێدانی ڕۆژنامه‌وانی کورد شوان سه‌لاحه‌دین که خه‌ریکی ڕۆماڵکردنی ڕووداوه‌که‌ی ڕه‌حیماوا بووه‌و چه‌ند نموونه‌یه‌کی تر. هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له‌و راپۆرته‌یدا ئاماژه بۆ خراپی ره‌وشی ئازادی راده‌ربڕین ده‌کات که کایگه‌ری خراپی خستۆته‌سه‌ر میدیاکان‌و کارمه‌ندانی دامه‌زراوه میدیاییه‌کان‌و که‌مینه ره‌گه‌زیی‌و ئاینی ته‌نانه‌ت که‌سانی ئه‌کادیمی‌و پسپۆڕیش. به‌و پێیه‌ی ئه‌گه‌ر راشکاوانه گوزارشت له بیر‌وراِ‌و بۆچوونه‌کانی خۆیان بکه‌ن ده‌بنه ئامانجی توندڕه‌وه ئاینی‌و گروپه چه‌کداره‌کان. هه‌روه‌کو نموونه‌ی ته‌عه‌داکردن له ئێزدییه‌کان و ده‌ستنیشانکردنی دیارده‌ی توندوتیژی و خۆکوشتنی ژنان و دیارده‌ی ده‌ستگیرکردن له‌سه‌ر شوبهه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ڕێکخراوه ئیسلامییه کورده‌کانه‌وه‌و چه‌ندین نموونه‌ی تر. به‌شێکی تر له‌ره‌خنه‌کانی راپۆرته‌که پێکدێنن. له به‌شێکی دیکه‌ی راپۆرته‌که‌دا شکستخواردنی دامه‌زراوه یاسا پارێز‌و جێبه‌جێکارانی له پاراستنی گیان‌و که‌رامه‌تی عیراقییه‌کان خراوته روو. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئاماژه کردن بۆ لاوازی ده‌سه‌ڵاتی قه‌زا به‌رامبه‌ر به گرتن و ده‌ستبه‌سه‌رکردن‌و هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ گیراو‌و ده‌ستبه‌سه‌ره‌کان. راپۆرته‌که نیگه‌رانی نارده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانی سه‌باره‌ت به‌و پێشێلکارییانه‌ش خستۆته‌ڕوو که له‌لایه‌ن گروپه یاخی‌و چه‌کداره‌کانه‌وه له عیراق دژ به هاووڵاتیان‌و فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت‌و جێبه‌جێکه‌رانی یاسا ئه‌نجام ده‌درێتن.کردی... |